به‌نگینه پیرۆت نوری، گه‌نجێكی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ته، دانیشتووی شارۆچكه‌ی چوارقوڕنه‌ی سنوری قه‌زای رانیه‌یه، هه‌رچه‌نده هه‌لی ئه‌وه‌ی بۆ نه‌ڕه‌خساوه بچێته‌به‌ر خوێندن، به‌ڵام له ته‌مه‌نی 13 ساڵیدا به هه‌وڵ و توانای خۆی توانیویه‌تی خۆی فێری خوێندن و نووسین بكات، به‌رده‌وامبووه له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌و خۆڕۆشنبیركردن له‌ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی كتێب و گۆڤار و رۆژنامه‌كانه‌وه، تا گه‌یشتووه‌ته ئه‌و راده‌یه‌ی كه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه كاری رۆژنامه‌وانی ده‌كات و له چه‌ند ماڵپه‌ڕو بڵاوكراوه‌یه‌كدا بابه‌ت و لێكۆڵینه‌وه ده‌نووسێت.
به‌نگینه، بۆ PUKmedia ده‌دوێ و ده‌ڵێت: له ساڵی 1992 ـه‌وه، كه ئه‌و كات ته‌مه‌نم 13 ساڵان بوو، خولیای خوێندنه‌وه كه‌وته سه‌رم، رۆژانه كه ده‌چووم بۆ كتێبخانه‌ی (پێشه‌نگ) بۆ وه‌رگرتنی رۆژنامه‌ی (كوردستانی نوێ) بۆ باوكم كه ئیشتیراكی هه‌بوو، له ناخه‌وه خۆزگه‌ی ئه‌وه‌م ده‌خواست بمتوانیبایه بابه‌ته‌كانی بخوێنمه‌وه، له كتێبخانه بچكۆله‌كه‌ی باوكیشمدا، چه‌ندین كتێبی وه‌ك (رۆمانه‌كانی بۆره‌ی قه‌پلان، غه‌واره، په‌رستگه‌ی دڵداری، شار، بێ نه‌وایان، بێ سه‌رپه‌رشتان، حه‌مه‌دۆك، چیرۆكه‌كانی عه‌زیز نه‌سین، رشته‌ی مرواری، دیوانی شاعیره ناسراوه‌كانی وه‌ك هێمن و قانیع و پیره‌مێرد) هه‌بوون، كه دواجار بوون به چاوگی پێگه‌یاندنی بیری ئه‌ده‌بدۆستیی من.
به‌نگین باسی له‌وه‌شكرد كه به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆر ئاره‌زووی خوێندنه‌وه‌ی كردووه، له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مداو به هاوكارییه‌كی كه‌می ده‌روبه‌ری، به‌بێ چوونه قوتابخانه توانیویه‌تی به‌سه‌ر نه‌خوێنده‌واریدا زاڵ بێت، له‌ئێستاشدا وه‌ك هه‌ر خوێنه‌رێكی ئاسایی ده‌خوێنێته‌وه.
ئه‌و گه‌نجه به‌هره‌مه‌نده، به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵكو تێكه‌ڵاوی كاری رێكخراوه‌یی بووه، له‌ساڵی 1999وه دوای دروستبوونی رێكخراوی ئازادی لاوان، له بنكه‌ی چوارقوڕنه‌ی ئه‌و رێكخراوه خزمه‌ت به توێژی لاوان ده‌كات.
له‌بواری كاری رۆژنامه‌وانیشدا، ساڵی 2002 یه‌كه‌م بابه‌تی خۆی له هه‌فته‌نامه‌ی (نۆژه‌ن) بڵاوكردووه‌ته‌وه، ساڵی 2004 وه‌ك په‌یامنێری رۆژنامه‌ی (گۆران) ئۆرگانی كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كوردستان ده‌ستبه‌كاربووه، ساڵی 2005 وه‌ك ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نوسه‌رانی رۆژنامه‌ی (واژام) وه‌رگیراوه، كه له سلێمانی له‌لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندی گشتی (كۆمه‌ڵه‌ی رۆژ ) ـه‌وه ده‌رده‌چوو، تادوایین ژماره‌ی ئه‌و رۆژنامه‌یه خزمه‌تی كردووه، هاوكات له رۆژنامه‌ی (سۆلیدارێتی خوێندكاران) یشدا تا كاتی داخستنی، ناوبه‌ناو بابه‌تی رۆژنامه‌وانی بڵاوكردووه‌ته‌وه.
له‌ئێستاشدا كاری نووسین و به‌دواداچوون بۆ هه‌ردوو هه‌فته‌نامه‌ی (رێوان) و (رێگای كوردستان) و هه‌ردوو ماڵپه‌ڕی (پێشه‌نگ) و (ئازادی لاوان) ئه‌نجامده‌دات، به‌شداری چه‌ندین خولی پێگه‌یاندنی كادیران و رۆشنبیری و رۆژنامه‌نوسی و راگه‌یاندنی كردووه، بڕوانامه‌ی به‌شداریكردن و رێزلێنانی پێبه‌خشراوه.
به‌نگینه، كه به رۆژ وه‌ك كارمه‌ندی لقی راپه‌ڕینی كۆمه‌ڵه‌ی رۆژ و بنكه‌ی چوارقوڕنه‌ی رێكخراوی ئازادی لاوان ئه‌ركه‌كانی ئه‌نجامده‌دات، لاوازی توانای ماددی بووه‌ته‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌توانێت نه‌شته‌رگه‌رییه ته‌واونه‌كراوه‌كانی قاچی ئه‌نجامبدات.
وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: ئه‌وه‌نده شه‌یدای خوێندنه‌وه‌م، تا دره‌نگانێكی شه‌و خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی كتێب و كردنه‌وه‌ی ماڵپه‌ڕه‌كانی ئینته‌رنێتم، ئه‌مه‌ش وام لێده‌كات هه‌ست به كه‌مئه‌ندامبوونی به‌شێكی جه‌سته‌م ناكه‌م.
نابێت ئه‌وه‌ش له‌بیر بكرێت، كه رۆژی 22 ی نیسانی هه‌مووساڵێك، به‌بۆنه‌ی رۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردییه‌وه، پشت ئه‌ستور به سه‌رچاوه‌و ئه‌رشیفی كتێبخانه‌كه‌ی خۆی، پرشانگای تایبه‌ت به نمایشكردنی رۆژنامه‌و بڵاوكراوه كوردییه‌كان له شارۆچكه‌ی چوارقوڕنه‌و قه‌زای رانیه ده‌كاته‌وه.
به‌نگینه، له میانه‌ی قسه‌كانیدا گله‌یی ئه‌وه‌ی له لقی سلێمانیی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان كرد، كه سه‌ره‌ڕای به‌رده‌وام كاركردنی له‌بواری رۆژنامه‌نووسیدا، هێشتا وه‌ك (ئه‌ندامی به‌شدار) له‌و سه‌ندیكایه ئه‌ژمار ده‌كرێت، خوازیاره له‌و لقه، چاوێك به C.V ـه‌كه‌یدا بخشێنردرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ره‌چاوی كاره‌كانی بكرێت، ئینجا بڕیاری له‌باره‌وه بده‌ن.
سه‌رچاوه: سایتی پی ی‌و كه‌ی میدیا pukmedia.com

